رووداو دیجیتاڵ
بارەگای ناوەندیی خاتەمولئەنبیای سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، تەنگەی هورمز داخرا و هاتووچۆی لێ دەوەستێ. بارەگاکە دەڵێ، ئەمریکا و ئیسرائیل پێشێلکارییان کردووە, جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکاش رایگەیاند، هیچ بەڵگەیەک نییە تەنگەی هورمز داخرابێت.
رۆژی شەممە، 20-06-2026، بارەگای خاتەمولئەنبیا دووبارە داخستنی تەنگەی هورمزیان راگەیاند.
خاتەمولئەنبیا لە هۆکاری داخستنەوەی تەنگەکە دەڵێ: "بەهۆی بەڵێنشکێنی و پەیمانشکێنیی ئاشکرای ئەمریکا بەرامبەر بە جێبەجێنەکردنی بڕگەی یەکەمی یاداشتی لێکتێگەیشتنی کۆتاییهێنان بە جەنگ." بووە.
بارەگاکە هەروەها رایگەیاند: "لە کاردانەوە بەرامبەر بە پێشێلکردنی بەردەوام و بێپچڕانی ئاگربەست لەلایەن رژێمی زایۆنیستی لە باشووری لوبنان و کۆمەڵکوژیی دڕندانە و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی مەزڵوومی ئەم خاکە، هەروەها بەهۆی نەکشانەوەی هێزە داگیرکەرەکانی زایۆنیستی لە خاکی باشووری لوبنان." بووە.
ئێران و ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە 18ـی ئەم مانگە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان راگەیاند. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فەرەنسا و مەسعود پزیشکیانیش، سەرۆکی ئێران بە جیا واژۆیان لەسەر یاداشتەکە کرد. ئەمە دوای ئەوەی پێشتر بە شێوەی ئەلیکترۆنی واژۆی کردبوو. رێککەوتنەکە مۆڵەتێکی 60 رۆژە بۆ دانوستاندنی کۆتایی لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی دیاریکردبوو.
بڕیاربوو دوێنێ هەینی 19-06-2026 هەردوو تیمی ئێران و ئەمریکا لە سویسرا کۆببنەوە و رێککەوتنەکە بە فەرمی واژۆبکەن، بەڵام بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
