رووداو-تەندروستی
دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) پێکهاتەیەکی نوێی بۆ دروستکردنی کرێمی دژەخۆر پەسەند کرد.
دەزگای خۆراک و دەرمانی ئەمریکی (FDA) رەزامەندی لەسەر بەکارهێنانی پێکهاتەیەکی نوێ لە دروستکردنی کرێمی دژەخۆردا دا کە بە ناوی بێمۆتریزینۆل. ئەمە یەکەم فلتەری نوێی تیشکی سەروو وەنەوشەییە (UV) کە دوای ماوەیەکی درێژ لەلایەن ئەو دەزگایەوە پەسەند بکرێت.
بەپێی راگەیەندراوی FDA، بێمۆتریزینۆل پارێزگارییەکی کارا لە پێست دەکات بەرانبەر هەردوو تیشکی سەروو وەنەوشەیی جۆری A و B. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی ئەم پێکهاتەیە ئەوەیە کە رێژەی هەڵمژینی لە رێگەی پێستەوە بۆ ناو جەستە زۆر کەمە، هەر بۆیە وەک ماددەیەکی سەلامەت و کاریگەر بۆ گەورەکان و منداڵانی تەمەن 6 مانگ و سەرووتر دەستنیشان کراوە.
لەم بارەیەوە، رۆبێرت ئێف کێنێدی جونییەر، وەزیری تەندروستیی ئەمریکا، رایگەیاند: "ئەم ماددەیە ماوەیەکی زۆرە بە سەلامەتی لە ئەوروپا بەکاردەهێنرێت؛ ئەم هەنگاوەی FDA کێبڕکێ و متمانەی بەکارهێنەران بە بەرهەمەکانی دژەخۆر زیاد دەکات."
