رووداو - تەندروستی
لە نەخۆشخانەی لەدایکبوون و منداڵانی سۆرانی فێرکاری لەکاتی نەشتەرگەریی منداڵبوونی خانمێکی گەنج، پزیشکان کیسێکی گەورە لەنێو سکی خانمەکەدا دەردەهێنن، 'نەزاندراوە' لەماوەی دووگیانیدا کیسی هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 20-6-2026 د. تارا خەسرۆ، پسپۆڕی نەخۆشی و نەشتەرگەرییەکانی خانمان و منداڵبوون لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، ''خانمە دووگیانەکە تەمەنی 20 ساڵ بوو و یەکەم منداڵی بوو، بەڵام لەنێو سکیدا خۆی پیسکردبوو، بۆیە بڕیاری نەشتەرگەریی منداڵبوونمان دا، بەڵام کە سکیمان هەڵدڕی، ئینجا زانیمان کیسی هەیە''.
بەگوتەی د. تارا کە نەشتەرگەرییەکەی کردووە، کیسەکە قەبارەکەی 9 بە 10 سانتیمەتر بووە، ژنەکەش لە 39 هەفتەی دووگیانیدا بووە، بەڵام بەهۆی خۆپیسکردنی تووندی کۆرپەلەکەی دەبوایە بە نەشتەرگەری منداڵی ببێت.
لەبارەی هۆکارەکانی خۆپیسکردنی کۆرپەلە لەنێو سکی دایکیدا د. تارا خەسرۆ دەڵێت: (ناڕێکیی وێڵاش، بەرزەپەستانی خوێن و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ لە دایکەکە، هەندێکجاریش هیچ هۆکارێک نییە).
دایکەکە باسی ئەوەی کردووە، پێش ئەوەی دووگیان بێت، کیسی هەبووە، بەڵام نەیماوە، لەکاتێکدا د. تارا خەسرۆ گوتی کە هیچ کیسێک نییە نەمێنێت و رەنگە لەڕێگەی پشکنینەوە نەبینرابێت ئەویش لەبەر گەورەبوونی منداڵدانی بەهۆی دووگیانییەکەیەوە.
کیسی هێلکەدان کێشەیەکی بەربڵاوی نێو خانمانە و چەند رێگەیەک بۆ پێشگیری لێی ئەمانەن؛
- دابەزاندنی کێش و کێشڕێکی
- دوورکەوتنەوە لە خۆراکە خێراکان
- کەمکردنەوە و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە گازییەکان
- بایەخدان بە خواردنی سەوزە و میوەکان
- وەرزش و جووڵەی رۆژانە
- رێکخستنی کاتی خەو
