رووداو - تەندروستی
بەرنامەی ئەمجارەی دکتۆر ئاراس لەبارەی ئازارشکێنەکانەوە بوو، زانیوتە بۆتۆکس بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکاردێت؟. هەر لەنێو بەرنامەکەشدا چارەسەرێکی پێشکەوتوو و کاریگەری لاسەرئێشە ''شەقیقە'' بۆ کچێک کرا.
د. هێڤی شێرکۆ، پسپۆڕی سڕکردن و چارەسەری ئازار دەڵێت: زۆرجار لەجێچوون و ناڕێکییەکانی بڕبڕەی مل دەبێتە هۆی ئازارێک وەکو شەقیقەیە، بەڵام شەقیقە نییە و نابێت بە هەڵە لێکبدرێتەوە. هەروەها لەبارەی چارەسەر بە بۆتۆکس بۆ شەقیقە دەڵێت: ئەمە گرژبوونی ماسوولکەکان ناهێڵێت و ئەوانەی دەیکەن پێویستە شەش کاژێر سەریان شۆڕ نەکەنەوە و نابێت شوێنەکە بشۆن یان بیخورێنن. تەنانەت نابێت لەسەر رووخساریشی بخەوێت.
لەبارەی دەرزیی تێکەڵەوە د. هێڤی شێرکۆ دەڵێت: ئەوانەی بە ئازاری درێژخایەنەوە دەناڵێنن، باشترە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکەن بۆ ئەوەی لە هۆکاری دروستبوونی ئازارەکە رزگاریان ببێت، هەرگیزیش دەرزیی تێکەڵە بەکارنەهێنن.
تەنانەت بۆ نەمانی ئازاری شان و ملیش دەکرێت بۆتۆکس بەکاربێت و کەشەنگبوون (تەشەنوجات) کەم ببێتەوە.
گەنجێک بەهۆی زۆربەکارهێنانی ئازارشکێنەکان، گورچیلەکانی پەکیان دەکەوێت
لەنێو بەنامەکەدا گەنجێک ئەوەندە دەرمانی ڤۆڵتارینی بۆ کەمکردنەوەی ئازار بەکارهێناوە تاوەکو گورچیلەکانی پەکیان کەوتووە، ئەو دەڵێت: رۆژانە سێ جار دەمخوارد بۆماوەی دوو مانگ، چونکە ئازاری گورچیلەکانم هەبوو. تەنانەت ئەو کوڕە دەرزیی تێکەڵەشی لێ دراوە.
د. مەجید شێخانی، پسپۆڕی وردی نەخۆشییەکانی گورچیلە دەڵێت، پێویستە چارەسەری هۆکاری ئەو نەخۆشییە بکرێت کە ئازار دروستدەکات، بەتایبەت نەخۆشییەکانی رۆماتیزم و هەوکردنی خوێن و جومگەکان، چونکە ئەگەر هۆکار چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئازارەکە بەردەوام دەبێت، لەبەر ئەوەی ئازارشکێن چارەسەری ئازار ناکات.
ئەو پسپۆڕە هۆشداری دەدات کە چەندین نەخۆشی بینیوە بەهۆی بەکارهێنانی ئازارشکێنەکانەوە لە نەخۆشخانە خەوێنراون، باسی سێ نەخۆشی دەکات کە هەرچەندە گەنجیش بوون، بەڵام گورچیلەکانیان پەکیانکەوتووە و سەردانی پزیشکی پسپۆڕیان کردووە.
لە هەرێمی کوردستان دەیان جۆری ئازارشکێنی وەکو (پاراسیتامۆڵ، ناپڕۆکسین، ئیبۆپڕۆفین، ترامادۆڵ، پڕۆفین، ڤۆڵتارین، ئیندۆمیسازۆن و هتد....)، د. مەجید شێخانی لەبارەی ڤۆڵتارینەوە گوتی، ئەوانەی کەوا ئەمانەی خوارەوەیان هەیە نابێت دەرمانەکە بەکاربهێنن؛
- کێشەکانی گورچیلە
- منداڵ و بەساڵاچوون
- نەخۆشییەکانی دڵ
- نەخۆشییەکانی جگەر
- شەکرە
- بەرزەپەستانی خوێن
بەربڵاوترین ئازارەکان
- پشتئێشەی درێژخایەن
- سڕبوونی دەماریی
- ئازاری نەخۆشیی شێرپەنجە
- فایبرۆمایاڵجیا
- ئازاری دوای نەشتەرگەری
- لاسەرئێشە (شەقیقە)