رووداو- تەندروستی
راوێژکارانی دەزگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) پشتگیریی خۆیان بۆ پەسندکردنی ڤاکسینی ئەنفلەوەنزای کۆمپانیای مۆدێرنا (MRNA.O) بۆ کەسانی تەمەن 50 ساڵ و زیاتر راگەیاند و دەڵێن، سوودەکانی لە مەترسییەکانی زیاترە.
لیژنەی راوێژکاریی ڤاکسینەکانی FDA بە کۆی دەنگ دەنگیان لە بەرژەوەندیی بەکارهێنانی ڤاکسینەکەی مۆدێرنا (mFlusiva) دا بۆ کەسانی تەمەن 50 بۆ 64 ساڵ، هەروەها بۆ ئەوانەی تەمەنیان 65 ساڵ و زیاترە.
راوێژکاران پێداچوونەوەیان بەو ئامارانەدا کرد کە مۆدێرنا پێشکێشی کردبوو، کە تێیدا دەرکەوتووە ڤاکسینەکەی لە چاو ڤاکسینە ستانداردەکان لە کەسانی تەمەن 50 بۆ 64 ساڵدا کاریگەریی باشتر بووە، هەروەها توێژینەوەیەکی دیکە دەریخستووە کە ڤاکسینەکە وەڵامدانەوەیەکی بەرگریی بەهێزی لە کەسانی تەمەن 65 ساڵ و زیاتردا دروستکردووە.
بڕیارە دەستەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا تاوەکو 5ـی ئاب بڕیاری کۆتایی لەسەر پەسندکردنی ڤاکسینەکە بدات، شیکەرەوەکان پێشبینی دەکەن تاوەکو ساڵی 2030 فرۆشی ڤاکسینەکە و ڤاکسینە تێکەڵەکەی (کۆڤید و ئەنفلەوەنزا)ی مۆدێرنا لە ئەمریکا بگەاتە 750 ملیۆن دۆلار.
