رووداو - تەندروستی
وەزیری تەندروستیی تورکیا لە نوێترین قسە و لێدوانەکانیدا ئاشکرای کرد، ژیانی پێنج ملیۆن کەس بەهۆی پشکنینی پێشوەختەوە پارێزراوە کە مەترسیی تووشبوونیان بە شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و شێرپەنجە هەبووە.
د. کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیا رایدەگەیێنێت، بەهۆی بەردەستبوونی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێ بەرامبەر لە هەموو گۆشەیەکی تورکیادا، خواست لەسەر سیستمی تەندروستی زیادی کردووە و گوتی "لە ساڵی 2024ـدا، نزیکەی 3.9 ملیۆن کەس لە نۆرەی چاوەڕوانیی بینینی پزیشكیدا بوون، هەر بۆیە تووشی قەرەباڵخی بووبووین. لە ئەنجامدا، 390 مێزی پشکنینی قوڕگ، لووت و گوێ و زیاتر لە 400 یەکەی چاومان دامەزراند و گوشاری ئەوەمان کەم کردەوە''.
وەزیری تەندروستیی تورکیا ستایشی رۆڵی پزیشکانی خێزانی کرد کە گوشاری سەر نەخۆشخانەکانیان کەم کردووەتەوە و 76٪ـی نەخۆشی و کێشە تەندروستییەکانی خەڵکیان چارەسەر کردووە بێ ئەوەی بچنە نەخۆشخانە سەرەکییەکان.
لە پێنج مانگی رابردوودا 3 هەزار تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون
بەگوتەی د. کەمال، تورکیا یەکێکە لە وڵاتە نموونەییەکان بۆ سیستمی تەندروستی و ساڵی رابردوو هەر هاووڵاتییەک 12.4 جار سوودی لە سیستمی تەندروستی وەرگرتووە، لەکاتێکدا لە تێکڕای ئەورووپادا 6ـە.
ئەو باس لە بایەخی پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجە دەکات و دەڵێ، تەنیا لە 5 مانگی رابردوودا نزیکەی سێ هەزار کەس بەهۆی دەستنیشانکردنی پێشوەختەوە زانراوە کە شێرپەنجەیانە و چارەسەریان پێدراوە. هەر بۆیە موژدە دەداتە هاووڵاتییان کە ''لە شێرپەنجە نەترسن، بەڵکو لە درەنگکەوتنی چارەسەر بترسن''.
لە تورکیا لەکۆی سێ کەس یەکێکیان جگەرەکێشە
تەندروستیی تورکیا ئاشکرای دەکات، لە وڵاتەکە لەکۆی سێ کەس یەکێکیان جگەرەکێشە و ئێستا لەبەر ئەو هەڵمەتەی کە حکومەتی وڵاتەکە دژی تووتن رایگەیاندووە، ژمارەی کلینیکەکانی وازهێنان لە جگەرەکێشانیان بۆ 1500 بەرز بووەتەوە، تیمی گەڕۆکیان پێکهێناوە، راهێنانیان بە پزیشکانی خێزانی کردووە، هەروەها خزمەتگوزاریی راوێژکاریی وازهێنان لە جگەرەکێشان و دەرمانی بێبەرامبەریان بۆ وازهێنان لە جگەرە دابینکردووە.
ئامانجیش ئەوەیە کە ''تورکیا ببێتە وڵاتێکی بێ دووکەڵ''
