رووداو- تەندروستی لە کۆماری دیموکراتیی کۆنگۆ، 17 کارمەندی تەندروستی بەهۆی ئیبۆلاوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی گیانلەدەستدانیش 200 کەسی تێپەڕاندووە. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) رایگەیاند، لەو کاتەوەی دەسەڵاتدارانی کۆنگۆ لە 15ـی ئایاردا بە فەرمی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکەیان راگەیاند، 75 کارمەندی چاودێریی تەندروستی هەڵگری ڤایرۆسی ئیبۆلان. ماری رۆزلین بێلیزایر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند: "بڵاوبوونەوەکە هێشتا مەترسیدارە و زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، ئەمە باجێکی زۆر قورسە کە سیستمی چاودێریی تەندروستی دەیدات، چونکە کارمەندی تەندروستیمان لە کۆنگۆ بە پێی پێویست نییە." بەرپرسانی تەندروستی پێیانوایە جۆرە دەگمەنەکەی ئیبۆلا (بوندیبوگیۆ) بۆ ماوەی چەند مانگێک پێش ئەوەی حکومەت بە فەرمی بڵاوبوونەوەی رابگەیێنێت بڵاوبووەتەوە، ئەمەش وایکردووە پزیشک و پەرستار و کارمەندانی دیکە، پێش ئەوەی بزانن ڤایرۆسەکە بوونی هەیە بەرکەوتنیان لەگەڵیدا هەبێت. تەنانەت ئێستاش، کەلوپەلی خۆپارێزیی سەرەکی کەمن و هەندێک لە بنکە تەندروستییەکان کێشەی دابینکردنی دەستکێش، ماسک و پێداویستییەکانی دیکەیان هەیە بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، کۆنگۆ کەمترین رێژەی کارمەندانی تەندروستی بە بەراورد بە ژمارەی دانیشتووان هەیە، کە نزیکەی 11 کارمەندی تەندروستییە بۆ هەر 10 هەزار کەسێک.