رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەک لە بەریتانیا تۆمەتبارە بەوەی هەوڵی بڕینی ماڵی لوسیانا بێرگەر، ئەندامی ئەنجوومەنی پیران داوە و بایی 350 پاوەند کەلوپەلی لێ دزیوە. هاونیشتمانییەکە لە زینداندایە و هەموو تۆمەتەکان رەت دەکاتەوە.
تۆمەتبارەکە ناوی (س. ل) و تەمەنی 34 ساڵە، رووبەڕووی تۆمەتی دزیکردن بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە نیسانی رابردوودا و لە دوو رۆژدا دووجار چووەتە سەر ماڵی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پیران لە لەندەن.
دادگەی لەندەن دەڵێ، ئەو هاونیشتمانییە لە 11ی نیسان هەوڵی داوە لە دەرگەی دواوە بچێتە ژوورەوە، بەڵام کاتێک بینیویەتی دەرگەکە داخراوە، چەند کەلوپەلێکی نێو باخچەکەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی بردووە. رۆژی دواتریش گەڕاوەتەوە و جامی ئۆتۆمبێلێکی بەردەم ماڵی بێرگەری شکاندووە و بایی 350 پاوەند (460 دۆلار) کەلوپەلی لێ دزیوە.
تۆمەتی ئەوە دەدرێتە پاڵ هاونیشتمانییەکە کە چاویلکەیەکی مارکەی مارک جاکۆبس (Marc Jacobs)، پێڵاوی منداڵان و کەسانی گەورە، جانتا، بەتانی و جلوبەرگی منداڵانی دزیوە. هاونیشتمانییەکە تۆمەتبارە بە دزینی هەندێک پارەی وردە و کەرەستەی ئۆتۆمبێل.
لوسیانا بێرگەری تەمەن 45 ساڵ، بە دادگەی راگەیاندووە، بەهۆی ئەم رووداوانەوە هەست دەکات بە مەبەست "کراوەتە ئامانج".
بێرگەر مێژوویەکی سیاسیی درێژی هەیە و لە ساڵانی 2010 بۆ 2019 پەرلەمانتار بووە. ئەو کەسایەتییە لە ساڵی 2019 لە ناڕەزایەتیدا بەرامبەر سەرکردایەتیی جێرمی کۆربن، پارتی کاری جێهێشت و پارتەکەی بە "دژە جوو" ناوبرد، بەڵام دواتر لە ساڵی 2023 و لە سەردەمی کییەر ستارمەردا گەڕایەوە نێو پارتەکە و بووە ئەندامی ئەنجوومەنی پیران.
وەرگێڕی گووگڵ لەنێوان دادوەر و تۆمەتبار
بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە 18-06-2026 دادگەییکردنی (س. ل) بەڕێوەبچێت، بەڵام دانیشتنەکە بۆ 6ی تەممووز دواخرا. هۆکاری دواخستنەکەش ئەوە بوو کە دادگە وەرگێڕی زمانی کوردی بۆ دابین نەکردبوو و هەوڵەکانی کارمەندانی دادگەش بۆ دۆزینەوەی وەرگێڕێکی ئامادە لەو ساتەدا بێ ئەنجام بوو.
ئانا بێڵ پیڵینگ، دادوەری ناوچەکە، بۆ ئەوەی هەواڵی دواخستنی دانیشتنەکە بە هاونیشتمانییەکە بگەیێنێت، ناچار بوو لە رێگەی تابلێتەکەیەوە نامەیەکی داوای لێبووردن و روونکردنەوە بنووسێت و لە رێگەی خزمەتگوزاری وەرگێڕی گووگڵ (Google Translate)ـەوە بۆی وەربگێڕێتە سەر زمانی کوردی و نیشانی بدات.
(س. ل) کە بە دادگەی گوتووە ئێستا بێ ماڵ و حاڵە، هەموو تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە.
هاونیشتمانییەکە جگە لەم کەیسە، تۆمەتبارە بە هەوڵێکی دیکەی بڕینی خانوو لە ناوچەی ئینفیڵد لە باکووری لەندەن. تاوەکو رۆژی دادگەییکردنی لە مانگی داهاتوودا، هاونیشتمانییەکە لە زینداندا دەمێنێتەوە.