رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێ، حکومەتی سووریا بە مەرجی هەبوونی ''کەفیل'' ڤیزە دەداتە هاووڵاتییانی عێراق و داوای لابردنی ئەو ئاستەنگە دەکات.
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکانی سووریاش دەڵێ، هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی مەرجی "کەفیل" نییە و ئاماژەی بەوەش دەکات، ئەم ساڵ زیاتر لە 40 هەزار عێراقی چوونەتە نێو خاکی سووریاوە.
محەممەد جاسم کاکەیی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، رۆژی 10ی حوزەیرانی 2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، حکومەتی سووریا لە بەرامبەر پێدانی ڤیزە بە هاووڵاتییانی عێراقی داوای کەفیل دەکات و ''هەر کەسێک بیەوێ ڤیزەی سووریا وەربگرێ و سەردانی ئەو وڵاتە بکات، دەبێت سەرەتا کەسێک لەنێو سووریا مامەڵەکانی بۆ رایی بکات و ببێتە کەفیلی، ئینجا لە سنوورەوە ڤیزەی چوونە نێو سووریای پێدەدرێت.''
عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان، نزیکەی 620 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە و پارێزگای نەینەوا لە رێگەی دەروازەی رەبیعەوە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
محەممەد جاسم کاکەیی گوتی، چەند رۆژێک لەمەوبەر خێزانێکی کوردی خەڵکی ناحیەی زوممار کە هاوژینەکەی خەڵکی سووریایە، پرسەیەکیان لە سووریا هەبووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی کەفیلەوە نەیانتوانیوە بچنە نێو خاکی ئەو وڵاتە.
رۆژی 20-04-2026، دەروازەی سنووریی رەبیعە کرایەوە و یەکەمین کاروانی بارهەڵگرەکان لە عێراقەوە بەرەو سووریا و رۆژئاوای کوردستان بەڕێکەوتن. سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوای کرد ئەو گرفت و ئاستەنگە چارەسەر بکرێ و رێکارەکە هەڵبگیرێ بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بێ کەفیل و تەنیا بە ڤیزەی ئاسایی بتوانن سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
دەروازەی رەبیعە 120 کیلۆمەتر لە شاری مووسڵەوە دوورە و لە دیوی رۆژئاوای کوردستان بە دەروازەی تل کۆچەر (یهعروبیه) ناسراوە. ئەم دەروازەیە لە ساڵی 2014ـەوە و دوای هێرشەکانی داعش بۆ سەر پارێزگای نەینەوا، بەڕووی هاتووچۆی بازرگانی و گەشتیاریدا داخرا.
لەبەرامبەردا سووریا رایدەگەیێنێت، هیچ بڕیارێکی نوێ بۆ سەپاندنی مەرجی "کەفیل" بەسەر ئەو عێراقییانەدا نییە سەردانی سووریا دەکەن و دەشڵێت: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 40 هەزار عێراقی هاتوونەتە نێو سووریا."
مازن عەلووش، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی سووریا، لە وەڵامی چەند پرسیارێکی نالین حەسەن، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداودا زانیاریی نوێی لەبارەی رێکارەکانی چوونی هاووڵاتییانی عێراقی و دۆخی دەروازە سنوورییەکان خستەڕوو.
مازن عەلووش لەبارەی هەواڵی سەپاندنی مەرجی "کەفیل" رایگەیاند: "هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە بۆ هەمووان نییە، بەڵکو کۆمەڵێک گرووپی بەرفراوان هەن کە بێ ڤیزەی پێشوەختە و راستەوخۆ لە دەروازەکانەوە دەچنە سووریا".
مازن عەلووش گوتی، ئەوانەی بێ ڤیزە و کەفیل رێگەیان پێدەدرێ بچنە نێو سووریا بریتین لە:
- ئەو عێراقییانەی ژیانی هاوژینییان لەگەڵ هاووڵاتیی سووریایی پێکهێناوە
- هەڵگرانی مافی نیشتەجێبوونی کارای سووریا.
- خوێندکارانی عێراقی کە لە زانکۆکانی سووریا دەخوێنن.
- بازرگانان، پیشەوەران و راگەیاندنکاران (دوای وەرگرتنی رەزامەندیی لایەنی پەیوەندیدار).
- منداڵانی ژنانی سووریایی کە تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ بێت.
- دیپلۆماتان و چەندین دۆخی دیکەی تایبەت.
ئەو بەرپرسەی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەو کەسانەی ناچنە چوارچێوەی ئەو گرووپانەوە، تەنیا پێویستە ڤیزەی ئاسایی لە وەزارەتی ناوخۆ وەربگرن، کە ئەمەش تەنیا رێکارێکی رێکخستنی هاتووچۆیە".
بەپێی مازن عەلووش بۆ رووداو، جووڵەی هاووڵاتییان لەنێوان هەردوو وڵات بەردەوامە و گوتی: "لە سەرەتای ساڵی 2025ـەوە تاوەکو کۆتایی مانگی ئایاری 2026، نزیکەی 65 هەزار هاووڵاتیی عێراقی سەردانی سووریایان کردووە. لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵیش 41 هەزار عێراقی هاتوونەتە نێو خاکی سووریاوە".
عەلووش باسی دۆخی ئێستای دەروازە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق و هاتووچۆی هاووڵاتییان و گواستنەوەی کاڵای کرد و گوتی: "دەروازە سنوورییەکانی نێوان سووریا و عێراق بە شێوەیەکی ئاسایی و بەپێی سیستم و رێنماییە کارپێکراوەکان کاردەکەن، ئەمەش گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی برا دەردەخات".
بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی سووریا ئاماژەی بەوەکرد، دەروازەی سنووریی ئەلبوکەمال (دەروازەی قائیم لە سنووری پارێزگای ئەنبار)، هاتووچۆیەکی رێکی گەشتیاران و بارهەڵگرە بازرگانییەکانی لێوە دەکرێ؛ هەروەها دەروازەی سنووریی یەعروبیە ( دەروازەی رەبیعە کە دەکەوێتە سنووری پارێزگای نەینەوا)، هاتووچۆی ئەو هاووڵاتییانەی لێوە دەکرێ کە بەپێی سیستمە پەسندکراوەکان رێگەیان پێدەدرێ، ئەمە جگە لە جووڵەی بازرگانی و ترانزێت و گواستنەوەی کاڵا.
سەبارەت بە دەروازەی سێمالکا، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکان لە دەستەی گشتیی دەروازە سنوورییەکان و گومرگی سووریا رایگەیاند: "دەروازەی سێمالکا کە سووریا و هەرێمی کوردستانی عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە، هاتووچۆیەکی بەردەوامی ئەو هاووڵاتییانەی تێدایە کە رێگەیان پێدەدرێ تێپەڕبن، لەگەڵ جووڵەی بازرگانی و گواستنەوەی کاڵا لەنێوان هەردوو لادا بەپێی رێکارە کارپێکراوەکان".
مازن عەلووش دووپاتی لەوە کردەوە کە سووریا ئاسانکاریی زۆر زیاتر پێشکێش بە عێراقییەکان دەکات بەراورد بەو رێکارە تووندانەی کە عێراق بەرامبەر هاووڵاتییانی سووریا جێبەجێیان دەکات، ئەمەش نیشانەی پەرۆشیی دیمەشقە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو گەل.
