رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران دەڵێت، ئەو شاندەی سەردانی قەتەری کردووە، لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە نیوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران بگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 26ی ئایاری 2026 فەدا حوسێن مالکی، ئەندامی کۆمیسیۆنی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، "بەو پێیەی قەتەر بەرپرسیارێتیی دانەوەی قەرزەکانی ئێرانی لەئەستۆ گرتووە، یەکێک لە تەوەرەکانی سەردانەکەی عێراقچی و قالیباف، پرسی قەرزی کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە."
فەدا حوسێن گوتی، "لە چوارچێوەی ئەو سەردانەدا رێککەوتنێک کراوە، بەگوێرەی یەکێک لە بڕگەکانی رێککەوتنەکە بڕیارە نیوەی ئەو پارە بلۆککراوانەی قەتەر لەبەردەستدایە بدرێتەوە کۆماری ئیسلامیی ئێران."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەندامێکی ئەو تیمەی سەردانی قەتەری کردبوو بە میدیای ئێرانی راگەیاندووە، "دەبێت پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە کاتی دانوستانەکاندا ئازاد بکرێن کە بە 24 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، ئێران پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە نیوەی ئەو بڕە پارەیە بە راگەیاندنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکە بخرێتە بەردەست و ئەوەی دیکەش لە ماوەی 60 رۆژدا بگوازرێتەوە."
گەشتەکەی قالیباف بۆ قەتەر یەکەم هەنگاو بوو بۆ تێگەیشتن لە جێبەجێکردنی ئەم داواکارییە و چۆنیەتی دەستڕاگەیشتن بەو 12 ملیار دۆلارە.
