رووداو دیجیتاڵ
کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەنێوان دوو شوان لە سنووری کۆبانێ، رێککەوتنی ئەمنیی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و حکومەتی سووریای خستە تاقیکردنەوەیەکی سەختەوە. ئەندامێکی فەرماندەیی گشتیی ئاسایش دەڵێت، سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دروستکردنی "فیتنە"، بەڵام پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکان بەردەوامە و 70%ـی دۆسیە ئەمنییەکان رادەستی دیمەشق کراون.
ئەمین ساڵح، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی ئاسایشی ناوخۆ لە هەرێمی کۆبانێ، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ئەو ئاڵۆزییانەی ئاشکرا کرد کە لە گوندەکانی "ئاشمێ" و "جەدەی" روویاندا و گوتی: "کێشەکە لەوەوە دەستیپێکرد کە مێگەلی شوانێکی کورد لە پەرێزی گوندێکی عەرەبنشین لەوەڕاوە، ئەمەش بووە هۆی شەڕی نێوان دوو بنەماڵە و دواتر تەقەکردن لە مەفرەزەیەکی ئاسایش کە بۆ ناوبژیوانی چووبوون."
بەگوتەی ئەو فەرماندەیە، لە کاتی گەڕان بەدوای ئەندامێکی ونبووی ئاسایشدا، درۆنێکی هێزە ئەمنییەکان بەهۆی کێشەی تەکنیکییەوە کەوتووەتە خوارەوە و بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە، ئەوەش دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە. ئەمین ساڵح هۆشداری دا کە "هەندێک لایەن ویستیان ئەم رووداوە بقۆزنەوە بۆ نانەوەی فیتنە لە نێوان کورد و عەرەب."
70%ـی پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکان تەواو بووە
سەبارەت بە هەنگاوەکانی یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئەمین ساڵح رایگەیاند، نزیکەی 70%ـی دۆسیە ئەمنییەکان، چەک و ئۆتۆمبێلەکان رادەستی "ئاسایشی ناوخۆی حەلەب" کراون. تۆماری نزیکەی 1,000 ئەندامی ئاسایشی کۆبانێ لەلایەن لیژنەی هاوبەشی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی حەلەبەوە وەرگیراوە. گوتیشی: "کۆی گشتیی ئەندامانی ئاسایش لە کۆبانێ لەنێوان 1,500 بۆ 1,600 کەسن و پڕۆسەی تۆمارکردنی ئەوانی دیکەش بەردەوامە.
ئەمین ساڵح جەختی کردەوە کە ئەم هەنگاوانە جێبەجێکردنی "رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم"ـە کە لە نێوان جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە و ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی حکومەتی سووریا واژۆ کراوە.
سەبارەت بەو ئاستەنگانەی دەخرێنە بەردەم پڕۆسەکە، ئەو فەرماندەیەی ئاسایش پەنجەی تۆمەتی بۆ چەند لایەن و کەسایەتییەک درێژ کرد و گوتی: "هەندێک کەس لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە خەریکی پەکخستنی ئەم لێکتێگەیشتنەن. ئێمە لیستی ناوی ئەو کەسانەمان داوەتە ئاسایشی حەلەب بۆ ئەوەی رێکاریان بەرامبەر بگرنەبەر، چونکە ئەوانە بەرژەوەندییان لە بەردەوامیی ناسەقامگیریدایە."
ئەمین ساڵح ئاماژەی بەوە کرد کە ئاسایشی کۆبانێ لە داهاتوودا دەبێتە بەشێکی فەرمی لە هەیکەلی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، بەڵام گوتیشی: "پاراستنی تایبەتمەندی ناوچەکە و مافی پێکهاتەکان" وەک بنەمایەکی سەرەکی لە دەستوور و یاسا نوێیەکاندا دەمێنێتەوە.
