رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە دەڵێت، گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردوون و بەو بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستە دەکەن.
محەممەد غانمی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، رۆژی چوارشەممە 10ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رووداوی گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز لە دڵەوە نیگەران و خەمباری کردووین."
بە گوتەی محەممەد غانمی، دەستبەجێ دوای رووداوەکە، سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان راسپێردران کاری پێویست بکەن و لە نەخۆشخانەی فێرکاریی دیوانیە چارەسەریی پزیشکی بۆ هەڵکەوت بکەن، بەڵام دواجار ئەو رێکارانە نەبوونە هۆی پاراستنی ژیانی و گیانی لەدەستدا.
هەر لەوبارەیەوە تاریق جەمیل بەرقەعاوی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دیوانیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "هەواڵی گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسانی حکومەتی خۆجێیی لە دیوانییە نیگەران کرد. بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی لە خێزانەکەی و تۆڕی میدیایی رووداو دەکەین."
دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا - بەسرە لە سنووری پارێزگای دیوانیە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8ی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
