رووداو دیجیتاڵ
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسم بەدری لە شوێنی عەبدولکەریم بەسری، پۆستی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی وەرگرت.
رۆژی پێنجشەممە، 18ی حوزەیرانی 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، باسم بەدری لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە وەکو سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دیاریکراوە.
باسم بەدری دەبێتە شوێنگرەوەی عەبدولکەریم بەسری، کە لە ساڵی 2021ـەوە سەرۆکایەتیی دەزگاکە دەکات.
فەرمانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ دەرکراوە و لە هەفتەی داهاتووەوە باسم بەدری بە فەرمی پۆستەکە وەردەگرێت.
باسم بەدری کێیە؟
باسم محەممەد یونس بەدری، ساڵی 1964 لە بەغدا لەدایکبووە.
پێش ئەوەی پۆستی حکومی وەربگرێت، پرۆفیسۆری یاریدەدەر بووە لە کۆلێژی کشتوکاڵی زانکۆی بەغدا و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە ئابووریی کشتوکاڵیدا.
بەدری لە 2013ـەوە، سەرۆکایەتی (دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەری)ی دەکات، کە بەرپرسە لە پاکتاوکردنی بیری بەعسی.
نیسانی ئەم ساڵ، باسم بەدری لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە وەکو بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاریکرابوو، بەڵام دواتر عەلی زەیدی ئەو پۆستەی وەرگرت.