رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بە تەلەفۆن قسەیان کرد، بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکەدا جەختیان لە "گرنگیی کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و پێشخستنی زمانی دیالۆگ" کردووەتەوە.
رۆژی سێشەممە، 26ی ئایاری 2026 نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، عەلی فالح زەیدی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێرانەوە پێگەیشتووە و هەردوولا بەبۆنەی نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانەوە پیرۆزباییان لە یەکدی کرد و هیوای "خێر، خۆشی و سەقامگیرییان" بۆ گەلانی عێراق و ئێران و هەموو جیهانی ئیسلامی خواستووە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، زەیدی و پزیشکیان تاوتوێی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان بەغدا و تاران و گرنگیی پەرەپێدانی هاوئاهەنگییەکانیان کردووە، "بە جۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو گەلی دراوسێ بکات."
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆماری ئێران، تایبەت بووە بە دۆخی ناوچەکە. هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامیی هاوئاهەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردووەتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان.
هەروەها نووسینگەکە دەڵێت، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت "زمانی دیالۆگ و هێورکردنەوە" زاڵ بکرێت، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە و جیهاندا.
