رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم یاریی خۆیدا لە مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی پورتوگال بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات بە گۆڵێک بۆ هەردوو لا یەکسانبوو، کریستیانۆ رۆناڵدۆش نەیتوانی وەک ئەستێرەکانی دیکە دەربکەوێت.
دوای ئەوەی هەریەک لە ئێرلینگ هالاند، کیلیان ئێمباپێ و مێسی ئاستێکی بەرزیان پێشکێش کرد و گۆڵیان تۆمارکرد، چاوەکان لەسەر رۆناڵدۆ بوون هەمان کار بکات، بەڵام ئەو یاریزانە تەمەن 41 ساڵە لە یارییەکەدا بێدەنگ بوو. کریستیانۆ رۆناڵدۆ تەنیا یەک گۆڵی لە 11 یاریی دوایینی لە پاڵەوانێتییە گەورەکاندا تۆمارکردووە، لە کاتێکدا مێسی لە دوای مۆندیالی 2022ـەوە 9 گۆڵی لە یارییەکانی مۆندیالدا هەبووە.
جواو نێڤێس لە خولەکی شەشدا پورتوگالی پێشخست، بەڵام یوان ویسا پێش کۆتاییهاتنی گێمی یەکەم گۆڵی یەکسانبوونی بۆ کۆنگۆ تۆمارکرد. ئەمە یەکەم خاڵە لە مێژوودا هەڵبژاردەی کۆنگۆی دیموکرات لە مۆندیالدا بەدەستیبهێنێت، ئەوان بە پلەی 45ـی ریزبەندی فیفا بەرامبەر یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکان وەستانەوە.
رۆبێرتۆ مارتینێز راهێنەری پورتوگال، رۆناڵدۆی بۆ ماوەی 90 خولەک لە یاریگەدا هێشتەوە، بەڵام ئەو یاریزانە نەبووە مەترسییەکی ئەوتۆ بۆ سەر گۆڵی بەرامبەر. مارتینێز پێش یارییەکە لەبارەی یادی دیۆگۆ جۆتا گوتی "ئەوەی ئێستا گرنگە ئەوەیە بجەنگین بۆ بەدیهێنانی یەکێک لە خەونەکانی ئەو، ئەویش بردنەوەی نازناوی مۆندیالە".
پێش دەستپێکردنی یارییەکە، یادی دیۆگۆ جۆتا یاریزانی پێشووی پورتوگال کرایەوە، کە مانگی 7ـی ساڵی 2025 لە رووداوێکی هاتووچۆدا گیانی لەدەستدابوو. دایک و باوکی جۆتا لە نێو یاریگە ئامادەبوون و یاریزانانی پورتوگال بە گریانەوە یادی هاوڕێکەیان کردەوە، وێنەیەکی جۆتا لەسەر شاشەی یاریگە نیشاندرا. پورتوگال لە یاریی داهاتوودا، 23ـی رووبەڕووی ئۆزبەکستان دەبێتەوە.
