رووداو دیجیتاڵ
دوای هەشت رۆژ لە گەڕان بۆ ئەو منداڵەی کەوتە ئاوی سەیرانگەی زەڵم لە ناوچەی هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، بڕیاردرا دەستکاری رێڕەوی ئاوەکە بکرێت.
زانیاری عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەڕان بۆ زۆر جێگە کراوە و تەرمەکە نەدۆزراوەتەوە، ئێستا گومان دەکەین لە هەمان شوێن کەوتووەتە ئاوەکەوە مابێتەوە و گیرسابێتەوە".
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە گوتی: "بە نزیکەی نیوە زیاتر رێڕەوی ئاوەکە دەگۆڕدرێ لەو جێگەیەی منداڵەکە کەوتووەتەوە ئاوەکەوە، ئەویش بە ئامانجی ئەوەی هێزی ئاوەکە کەمبێتەوە و تەرمەکە بدرۆزرێتەوە".
ئەو منداڵە تەمەنی 11 ساڵە، 9ـی ئەم مانگە لەگەڵ خێزانەکەیدا بە مەبەستی گەشتکردن لە کەربەلاوە چووبوونە سەیرانگەی زەڵم لە هەورامان.
لەدوای ئەو رووداوەی هەورمان، سێ کەسی دیکە لە هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون، یەکێکیان لە کۆیە، یەک لە سنووری ئیدارەی راپەڕین و هاونیشتمانییەکیش بەناوی توانا نەجم لە بەنداوی گۆمەسپان خنکا و لە 13ـی حوزەیرانەوە تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.
موقەدەم شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تیمەکانمان ئێستاش بە چڕی بەدوای تەرمەکەی توانا نەجمدا دەگەڕێن و هیچ سەرەداوێکمان دەستنەکەوتووە".
جیا لە تیمی بەرگریی شارستانی، کەسوکاری ئەو هاونیشتمانییەش، کە پێشمەرگەیە سەرقاڵی گەڕانن بەدوای تەرمەکەیدا.
