رووداو دیجیتاڵ
شارەوانیی هەولێر دەڵێ، بۆ رێکخستنەوەی شەقام و شۆستەکان و کەمکردنەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ، هەڵگرتنی بەشێکی دیکەی ناوبڕی شەقامی 100 مەتریان دەستپێکردووە.
رەنجدەر ئومێد، سەرپەرشتیار لە سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەشێکی ناوبڕی شەقامی 100 مەتریمان لابردووە و قیرمان کردەوە. ئامانجی پڕۆژەکە ئاسانکارییە بۆ هاتووچۆ".
لە شەقامی 100 مەتری لە هەردوو سایدەکەوە شەقام دروستکراون، ناوبڕیان بۆ دانراوە وەک شەقامی خزمەتگوزاری، بەڵام شەقامە خزمەتگوزارییەکە بەراورد بە شەقامە سەرەکییەکە کەمتر بەکاردەهێندرێ. شارەوانی دەیەوێ بە لابردنی ناوبڕی نێوانیان شەقامە سەرەکییەکە فراوان بکات.
رەنجدەر ئومێد گوتی: "جگە لەو شوێنانەی هاتووچۆ داوایان بکات و پێویست بێ، هەموو ئەو ناوبڕانەی لە شەقامی 100 مەتری دروستکراون بە قۆناخی جیاواز لادەبرێن و شەقامە سەرەکییەکە فراوان دەکرێ".
جگە لە شەقامی بازنەیی 100 مەتری، لە هەولێر شەقامی 30 مەتری، 40 مەتری، بازنەیی 60 مەتری، 120 مەتری و 150 مەتری هەن.
