رووداو دیجیتاڵ
لە پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی هەولێر،
دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەنێوان کچ و کوڕێکدا، پاسەوانێکی پڕۆژەکە هەوڵی هێورکردنەوەی
دۆخەکەی داوە، بەڵام لەلایەن گەنجەکەوە بریندار کراوە، دواتر گەنجەکە "خۆی هەڵدایە
خوارەوە و گیانی لەدەستداوە".
سەرچاوەیەکی باڵای ئەمنی لە هەولێر
بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "گەنجەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، دوای ئەوەی
پاسەوانێکی پڕۆژەکەی بە چەقۆ بریندار کردووە، خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە".
دوو سەرچاوەی جیاواز لە پڕۆژەکە
قسەیان بۆ رووداو کردووە و دەڵێن: "کوڕەکە خۆی هەڵداوەتە
خوارەوە و گیانی لەدەستداوە".
رووداوەکە نزیک کاژێر 05:00ـی بەیانی
بووە. بەگوتەی کارمەندانی پڕۆژەکە بۆ رووداو، "کوڕەکە خەڵکی رۆژهەڵاتی
کوردستانە و بۆ سەردان چووەتە شوقەی کچەکە کە خەڵكی ئێرانە، دوای ئەوەی دەمەقاڵێیان
بووە، کچەکە پاسەوانانی پڕۆژەکەی ئاگادار کردووەتەوە، پاسەوانێک چووە دۆخەکە هێور
بکاتەوە، گەنجەکە پەلاماری داوە و برینداری کردووە".
بە گوتەی شایەتحاڵانی رووداوەکە،
"دوای ئەوەی قۆڵ و سکی پاسەوانەکە بە چەقۆی گەنجەکە بریندار بووە، گەنجەکە لە
نهۆمی نۆیەمی باڵەخانەکە کە شوقەی کچەکەی تێدا بووە خۆی هەڵداوەتە خوارەوە و دەستبەجێ
گیانی لەدەستداوە".
دوو لەوانەی لەسەر رووداوەکە قسەیان
بۆ رووداو کردووە دەڵێن، "دوای رووداوەکە، گەنجەکە مادەی هۆشبەر و چەقۆی لێ جێماوە
و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەردا گرتووە". بەڵام سەرچاوەکەی رووداو کە ئەفسەرێکی
باڵای هێزە ئەمنییەکانە، هەبوون و دەستبەسەرداگرتنی مادەی هۆشبەری رەتکردەوە.
کچەکە لەلایەن پۆلیسی هەولێرەوە
لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت. هەروەها پاسەوانە بریندارەکە لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێری
پزیشکیدایە.
تەرمی ئەو گەنجەی گیانی لەدەستداوە
و خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە، رەوانەی دادپزیشکی هەولێر کراوە.
