رووداو دیجیتاڵ
منیرە قازی، کچی پێشەوا قازی محەممەد سەرەخۆشی لە کەسوکار، هاوڕێ و هاوکارانی هەڵکەوت عەزیز دەکات و دەڵێت، "خۆم بە هاوبەشی ئەم خەمە دڵهەژێنە دەزانم".
منیرە قازی پەیامێکی هاوخەمی ئاراستەی تۆڕی میدیایی رووداو کردووە و دڵتەنگیی خۆی بە لەدەستدانی هەڵکەوت عەزیز دەردەبڕێت.
لە پەیامەکەیدا، کچەکەی پێشەوا قازی محەممەد دەڵێت، "سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی رێزدار و نیشتمان پەروەر و هەموو میدیای کودستان و گەلی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی ئەو خەمە دڵهەژێنە دەزانم".
دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە، 8ـی حوزەیرانی 2026، هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێر و بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە بەغدا، دوای ئەوەی لە رێگەی بەغدا-بەسرە لە سنووری پارێزگای دیوانیە تووشی رووداوێکی هاتووچۆ بوو، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
گیانلەدەستدانی هەڵکەوت عەزیزی هاوکارمان، خەمێکی گەورەی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و خێزانی رووداو دا دروستکرد. سەرۆک و سەرکردەکان، بەرپرسان و سیاسەتڤانان، پەرلەمانتاران و خەڵک بە گشتی پرسە و سەرەخۆشییان لە کەسوکار و هاوکارانی لە رووداو کرد.
دەقی پەیامی هاوخەمیی کچەکەی پێشەوا قازی محەممەد:
بە داخ و دڵێکی خەمگین، من منیری قازی، کچی شەهید پێشەوا قازی بە بۆنەی شەهیدبوونی رۆڵەی تێکۆشەری نیشتمان (هەڵکەوت عەزیز) سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی رێزدار و نیشتمانپەروەر و هەموو میدیای کوردستانی و گەلی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و خۆم بە هاوبەشی ئەو خەمە دڵهەژێنە دەزانم و لە بارەگای خودای مەزن دەپاڕێمەوە سەبر و خۆڕاگری ببەخشێ بە بنەماڵەی خۆشەویست و کوردپەروەری کاک عەزیز و خزمان و دۆستان و هاوکارانی.
منیرە قازی
شاری مەهاباد
.jpg&w=3840&q=75)