رووداو دیجیتاڵ
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا بە بەهای زیاتر لە 950 ملیۆن دۆلار زێڕ و زیو لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هاوردە کراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، لە 1ی کانوونی دووەم تاوەکو 14ی حوزەیرانی 2026، تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە 125 تۆن زیو هێندراونەتە هەرێمی کوردستان.
رووداو وردەکاریی نرخی ئەو زیوەی دەستکەوتووە کە هاوردە کراوە، 70 تۆن لەو زیوە هەر کیلۆیەکی لەنێوان 4000 تاوەکو 5000 دۆلار بووە؛ 50 تۆنەکەی دیکەش هەر کیلۆیەکی لەنێوان 2500 – 3500 دۆلار بووە، پێنج تۆنەکەش کیلۆی بە 2200 دۆلار بووە.
کۆی ئەو زیوەی هاوردە کراوە، بەهاکەی نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار بووە.
داتاکانی دارسان گۆڵد ئینتەرناشناڵ-DGI کە زێڕ، زیو و کانزاکان هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکات دەریانخستووە، هەر لەو ماوەیدا زیاتر لە 3.8 تۆن زێڕ هاوردە کراوە، کە نرخی هەر کیلۆیەکی زیاتر لە 150 هەزار دۆلار بووە، کۆی گشتیی بەهاکەی دەگاتە 540 ملیۆن دۆلار.
