رووداو دیجیتاڵ
قایمقامی قائیم لە پارێزگای ئەنبار دەڵێ، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی قائیمەوە کەمیکردووە و هۆکارەکەیشی روونکردەوە.
پارێزگای ئەنبار دەکەوێتە رۆژئاوای عێراق و دوو دەروازەی سنووری لەگەڵ سووریا هەیە. یەکەمیان دەروازەی قائیم لە سنووری قەزای قائیم و ئەوی دیکە دەروازەی وەلید لە سنووری قەزای روتبە.
تورکی مەحلاوی، قایمقامی قائیم، ئەمڕۆ سێشەممە، 16ی حوزەیرانی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەهۆی کردنەوەی دەروازەی وەلید، جووڵەی بازرگانیی دەروازەی قائیم لاواز بووە."
دوای 11 ساڵ لە داخستنی، رۆژی 2ی نیسانی 2026، دەروازەی سنووریی وەلید لە رۆژئاوای عێراق لەگەڵ سووریا کرایەوە.
بە گوتەی قایمقامی قایم، "ئێستا جووڵەی بازرگانی زیاتر لە رێگەی دەروازەی وەلیدەوە دەکرێ و تانکەرەکانی نەوت لە رێگەی ئەو دەروازەیەوە نەوت دەگوازنەوە سووریا بۆ ئەوەی لە رێگەی بانیاسەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێ."
دەروازەی وەلید لە سنووری ناحیەی وەلیدی سەر بە قەزای روتبەی پارێزگای ئەنبارە و لە دەستپێکی شەڕی داعشەوە لە ساڵی 2014ـەوە لەلایەن عێراقەوە داخرابوو.
عێراق و هەرێمی و کوردستان نزیکەی 618 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە.
دەروازەی سێمێلکا – پیشخابوور، دەروازەی سەرەکیی نێوان رۆژئاوا و باشووری کوردستانە، جگە لە هاتووچۆی هاونیشتمانیان و شاندە نێوخۆیی و بیانییەکان بۆ مەبەستی بازرگانیش بەکاردێ و دەکەوێتە سێگۆشەی سنووریی نێوان رۆژئاوا، باشوور و باکووری کوردستان.
