رووداو دیجیتاڵ
ئەندامانی جەستەی گەنجێکی تەمەن 25 دانیشتووی بۆکان، کە تووشی مردنی مێشک ببوو، بە رەزامەندیی خێزانەکەی بەخشرانە سێ نەخۆش و ژیانی لە مردن رزگار کردن.
رۆژی چوارشەممە، 17ی حوزەیرانی 2026، هاونیشتمانییەک لە شاری بۆکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مێهرداد مەشرەفی، تەمەن 25 ساڵ، دوای ئەوەی بەهۆی نەخۆشییەوە تووشی مێشک مردن ببوو، بە رەزامەندیی پێشوەختە و بڕیاری خێزانەکەی، ئەندامانی جەستەی بەخشرانە ئەو کەسانەی پێویستیان پێیە."
بەگوێرەی زانیارییەکان، هەردوو گورچیلە و جگەری ئەو گەنجە دەدرێتە سێ نەخۆش کە ماوەیەکی زۆر بوو لە نۆرەی چاندنی ئەندامدا بوون.
لە نەورۆزی ئەمساڵەوە ئەوە پێنجەم کەسە لە ورمێ ئەندامانی جەستەی دەبەخشێت.
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی تەندروستی لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، ئێستا نزیکەی 25 هەزار نەخۆش لە لیستی چاوەڕوانیدان بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە، لە کاتێکدا ساڵانە تەنیا نزیکەی 800 کەس ئەندامەکانی جەستەیان دەبەخشن.
ئەو کەسانەی تووشی مێشک مردن دەبن، دەکرێت بەشێک لە ئەندامانی جەستەیان وەک (دڵ، جگەر، گورچیلە، پەنکریاس و سییەکان) ببەخشرێتە ئەو کەسانەی بەهۆی پەککەوتنی ئەندامەکانیانەوە لە لێواری مردندان. پزیشکان دەڵێن یەک بەخشەر دەتوانێت ژیانی هەشت کەس لە مردن رزگار بکات.
.jpg&w=3840&q=75)