رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ چوارشەممە، کاژێر 16:00 لە رووباری سیروان لە سنووری قەزای کەلار، هاونیشتمانییەک کە بۆ راوەماسی چووبوو، لە کاتی دانانی تۆڕدا چووەتە قووڵایی ئاوەکە و خنکاوە.
ئەحمەد لوقمانی 26 ساڵان، خەڵکی کەلارە و لە بەغدا وەستای کەباب بووە، بۆ پشوو گەڕاوەتەوە ناوچەکە و لەگەڵ ئامۆزایەکی بۆ کات بەسەربردن چوونەتە سەر رووباری سیروان.
عەبدولخالق ئەحمەد، مامی ئەحمەد، کوڕەکەی لەگەڵ برازاکەی بووە، بە رووداوی گوت: "سبەی مۆڵەتی تەواو دەبوو و دەگەڕایەوە بۆ بەغدا."
بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە بەدوای تەرمی ئەحمەددا دەگەڕێن. ئیبراهیم محەممەد، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند: "ئێمە هەموو هەوڵێکمان چڕکردووەتەوە بۆ ئەوەی تەرمەکە دوورنەکەوێتەوە و هەر لەم نزیکانە بێت، بۆ ئەوەی ئەمڕۆ بیدۆزینەوە."
پۆلیسی گەرمیان ئامۆزاکەی ئەحمەدی دەستبەسەر کردووە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکات.
بەپێ ئاماری بەرگریی شارستانیی گەرمیان، لە شەش مانگی ئەم ساڵدا سێ هاونیشتمانی لە رووباری سیرواندا خنکاون.