رووداو دیجیتاڵ
مایلز کاگینز، توێژەری باڵا لە پەیمانگەی "نیو لاینز" و گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانان رایگەیاند، ئەمریکا دەرفەتێکی دارایی بۆ دابینکردنی تەکنەلۆژیای دژە درۆن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق رەخساندووە.
مایلز کاگینز میوانی بوڵتەنى (کۆرۆژ)ى رووداو بوو، کە ژیار حەکیم پێشکەشی دەکات و تیشکی خستە سەر سەردانەکەی تۆم باراک، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ناوچەکە و گوتی، پێگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردەکانی دیکەی کورد بەهێزتر بووە و ئێستا هەرێمی کوردستان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە کۆکردنەوەی سەرکردەکانی عێراق و سووریا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ نێردەی باڵای ئەمریکا.
سەبارەت بە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا، کاگینز گوتی: "من هانی بەرپرسانی واشنتنم داوە بۆ دابینکردنی سیستەمی بەرگریی دژە مووشەک و دژە درۆن بە هەرێمى کوردستان؛ چونکە سەرەڕای ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران، هێرشی درۆنی بۆ سەر کۆمپانیا ئەمریکییەکان و خەڵکی کوردستان بەردەوامە."
کاگینز ئاماژەی بەوە کرد، زۆر گرنگە باڵیۆز باراک ئەم پەیامە بباتەوە بۆ واشنتن تاوەکو پێداویستی و بودجە بۆ تەکنەلۆژیای دژە درۆن لە هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
پاراستنی کۆمپانیا نەوتییەکان
کاگینز زانیاریی نوێی ئاشکرا کرد و گوتی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پڕۆژەیەکی دارایی بۆ راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی درۆنەکان دەستپێکردووە. ئەمە دوای ئەوەی تۆم باراک لە بەغدا سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە بۆ پابەندبوونی بە پاراستنی سێ کۆمپانیای نەوتیی ئەمریکی کە بریتین لە (ئێچ کەى ئێن، هەنت ئۆیل، وێسترن زاگرۆس) لە هێرشی میلیشیاکان.
کاگینز گوتی، "دەبێت سەرکردەکانی بەغدا کۆنتڕۆڵی میلیشیاکان بکەن. ئێمە نامانەوێت هیچ هێرشێکى درۆنى هەبێت؛ ئەگەر ناچار بین تەنیا بەرگری لە خۆمان بکەین، ئەوا دۆڕاوین. دەبێت ئەو گرووپانە چەک بکرێن و ئەگەر درۆن ئاراستەی ژێرخانی نەوت بکەن، پێویستە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە هەموو هێزیانەوە بەرەنگاریان ببنەوە."
مایلز کاگینز، کە وەک شارەزایەکی باڵا لە پەیمانگەی "نیو لاینز" کار دەکات، پێیوایە لەم قۆناخەدا تەنیا هاوکاریی دارایی بەس نییە، بەڵکو دەبێت ئەمریکا لە رێگەی سوپاکەیەوە سیستەمی بەرگریی چالاک بداتە هەرێمی کوردستان تاوەکو کێڵگە نەوتییەکان و سەقامگیریی ئابووریی وڵاتەکە بپارێزرێت.