رووداو دیجیتاڵ
لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئەمڕۆ شەممە، بارهەڵگرێک بە هۆی خێرایی کۆنتڕۆڵی لەدەست دەدا و دەکەوێتە نێو رووباری باڵەکایەتییەوە، شوفێرەکەی گیانی لەدەستدا و دوو سەرنشینی دیکەش بە سەختی بریندار بوون.
رووداوەکە لەسەر رێگەی باڵەکایەتی - قەزای سۆران (رێگەی هامڵتۆن) روویداوە، سەمیع بایزی تەمەن 28 ساڵان شوفێری بارهەڵگرەکە بووە و باوکی دوو منداڵە.
عەبدوڵڵا حەسەن، شایەتحاڵی رووداوەکەیە و بە رووداوی گوت: "ئێمە موڵکمان لەو نزیکەیە و ئاگادارکراینەوە کە رووداوێک لێرە روویداوە. کە گەیشتین، دەنگی ئەوانە دەهات کە لەنێو بارهەڵگرەکە گیریان خواردبوو، زانیمان نەمردوون."
دوای نزیکەی دوو کاژێر لە رووداوەکە، بە هەوڵی خەڵکی ناوچە و تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، شوفێر و سەرنشینەکان لەنێو ئۆتۆمبێلەکە دەرهێندران.
بە گوتەی شایەتحاڵەکان، "یەکێک لە بریندارەکان تەندروستیی باش نەبوو، شوفێرەکەش لە رێگەی گەیاندنی بە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا."
خالید محەممەد، یەکێک لە کەسوکاری قوربانییەکان بە رووداوی گوت: "هەواڵمان پێدرا کە بارهەڵگرێک وەرگەڕاوە و کەسی ئێمەی تێدایە. دواتر زانیمان هەموویان خەڵکی گوندی سرێشمەن و خزمی ئێمەن".
رێگەی باڵەکایەتی بۆ قەزای سۆران یەک ساید و پێچاوپێچە، خێرایی دیاریکراو بۆ لێخوڕین 80 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی سۆران، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا بەراورد بە پار، رووداوەکانی هاتووچۆ و ژمارەی قوربانییان نزیکەی 50% زیادیان کردووە.
ژمارەی رووداوەکان لە 94ـەوە بۆ 117 بەرزبووەتەوە. ژمارەی بریندارەکانیش لە 93 کەسەوە گەیشتووەتە 142. هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان لە 8 کەسەوە بۆ 17 کەس بەرزبووەتەوە.