رووداو دیجیتاڵ
کۆچی ناوەختی رۆژنامەڤان، هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداو، ناوەندی راگەیاندنی کوردی و عێراقیی خستە ماتەمینییەکی قووڵەوە. هاوکار و هاوپیشەکانی دەڵێن، بە ماڵئاوایی هەڵکەوت، بۆشاییەکی گەورە لە کاری میدیایی کوردی لە پایتەختی عێراق دروست دەبێت کە پڕکردنەوەی ئاسان نییە.
هەڵکەوت عەزیز، یەکێک بوو لەو سیما دیارانەی میدیای
کوردی کە لەنێو ئاڵۆزییەکانی بەغدا، بە هاوسەنگی و راستگۆیی ناسرابوو و لە دڵی
رووداوەکانەوە زانیارییەکانی دەگواستەوە.
بێستوون سەلام، پەیامنێری کوردسات نیوز و هاوڕێی
نزیکی هەڵکەوتە و دەڵێت، "هەڵکەوت ئەو
کوڕەم بوو کە خودا پێی نەبەخشیبووم." بێستوون کە خۆی باوکی 3 کچە، بە چاوی پڕ
فرمێسکەوە باسی لە پەیوەندیی پتەوی خۆی و هاوکارە کۆچکردووەکەی دەکات.
ناوبانگی هەڵکەوت عەزیز وایکردبوو ببێتە سەرچاوەی
هەواڵ بۆ زۆربەی رۆژنامەڤانان. حەیدەر بەیاتی، بەڕێوەبەری تۆڕی ئاژانسی ئەنادۆڵ لە
بەغدا دەڵێت، "هەڵکەوت هێندە پڕزانیاری و خۆشەویست بوو، هەموو کەسێک بە لەدەستدانی
تاساوە، ئەو دەرگای زانیاریی رۆژنامەڤانی بوو لە بەغدا."
یەکێک لە تایبەتمەندییە دیارەکانی کارکردنی هەڵکەوت،
توانای پاراستنی هاوسەنگی و دروستکردنی متمانە بوو لەنێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکاندا،
ئەمەش وایکردبوو ببێتە جێی متمانەی هەمووان.
دەروون مەلا ناجی، پەیامنێری ئاڤا میدیا کە یەکەم
کەس بوو گەیشتە سەر تەرمی هەڵکەوت بە رووداوی گوت: "هیچ کەسێک ناتوانێت جێگەی
هەڵکەوت پڕبکاتەوە."
هەڵکەوت تەنها پەیامنێرێکی چالاک نەبوو، بەڵکو
پردێکی پەیوەندیی بەهێز بوو لەنێوان رۆژنامەنووسانی کەناڵە جیاوازەکاندا. گۆران عەبدوڵڵا،
پەیامنێری NRT دەڵێت: "لە کاتی تەنگانە و رووداوە سەختەکاندا،
ئەو هەمیشە سەرچاوەی ورە بوو بۆ هاوڕێکانی."
کۆچی دوایی هەڵکەوت عەزیز، بەرپرسی نووسینگەی بەغدای تۆڕی میدیایی رووداو، کەلێنێکی گەورەی لە دوای خۆی بۆ میدیای
کوردی لە بەغدا بەجێهێشت، بەڵام یادەوەری و کارە پیشەییەکانی وەک قوتابخانەیەک بۆ
کاری رۆژنامەڤانی دەمێننەوە.