رووداو دیجیتاڵ
لە قەزای بنەسڵاوەی سەر بە پارێزگای هەولێر، پیاوێکی تەمەن 69 ساڵ بەناوی (عەبدوڵڵا رەسوڵ)، شەوی 12ـی حوزەیران لەسەر گلەیی کردن لە دەنگی بەرزی موەلیدەی
گازینۆیەکی گەڕەکیان، بە گولـلە کوژرا. پۆلیسی هەولێر دەڵێت: " بکوژەکەی مام عەبدوڵڵا دەستگیرکرا"
مام عەبدوڵڵا، پێشمەرگە خانەنشین بوو بە پلەی نەقیب، داوای لە خاوەنی گازینۆیەکی گەڕەکەکەیان دەکات موەلیدەکە بکوژێنێتەوە، چونکە دەنگەکەی بێزاری کردوون.
هەڵمەت عەبدوڵڵا، لەبارەی چیرۆکی کوژرانی باوکی بە رووداوی گوت: "باوکم کاتژمێر 11:00ی شەو چووە و پێی گوتوون موەلیدەکە بکوژێننەوە، ئەوانیش کوژاندوویانەتەوە، دواتر برا بچووکی خاوەن کافتریاکە تەلەفۆنی بۆ براکەی کردووە و پێی گوتووە بگەڕێتەوە. کە گەڕاوەتەوە، قسەی ناشرینی بە باوکم گوتووە و دەستڕێژی گوللـەی لێکردووە و کوشتوویەتی."
هەڵمەت عەبدوڵڵا، هەروەها دەڵێت: "سکاڵامان تۆمار کرد و بکوژیش دانی بە هەموو شتێکدا ناوە."
بکوژەکە گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ بووە، گازینۆکەی دەکەوێتە نێو ماڵان لە گەڕەکێکی شارۆچکەی بنەسڵاوە.
بەگوتەی دانیشتووانی گەڕەکەکە، بەهۆی نەگونجاوی شوێنەکەیەوە چوار جار داوای داخستنیان کردووە، بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بووە.
بەشدار سەباح، یەکێک لە دانیشتووانی گەڕەکە و دەڵێت: "مێرمنداڵان دێن و لە گازینۆکەدا یاریی بلیارد دەکەن، نزیکەی 10 بۆ 12 ساڵە ئەم گازینۆیە لێرە کراوەتەوە."
محەممەد حوسێن، دانیشتوویەکی دیکەی گەڕەکەکەیە لەسەر کاتی کرانەوەی گازینۆکە بە رووداوی گوت: "کاتی دیاریکراوی نییە و ئەگەر تاقەتیان هەبێت لە بەیانییەوە دەیکەنەوە، ئەگەریش نا لە دوای نیوەڕۆوە تاوەکو درەنگی شەو"
محەممەد حوسێن هەروەها دەڵێت: "حکومەت چاودێریی ئەم جۆرە شوێنانە بکات و ڕێگە لەم کارانە بگرێت."
عەبدوڵڵا رەسوڵ، باوکی سێ کوڕ و کچێک بووە، خەڵکی دەربەندیخانە و 30 ساڵە لە سنووری هەولێر نیشتەجێیە