رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران لە پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی سێ ژنی بەهۆی "لەشفرۆشی"یەوە راگەیاند. یەکێک لە ژنەکان ماڵەکەی خۆی بۆ ئەو کارە تەرخان کردووە و پارەی لە ژنەکانی دیکە وەرگرتووە.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەشی نەهێشتنی تاوان لە رێگەی سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە زانیاری بەدەست گەیشت کە ژنێکی خەڵکی دەرەوەی سۆران ماڵەکەی بۆ کاری "لەشفرۆشی" بەکاردەهێنێت و ژنانی دیکە بۆ نێو ماڵەکەی رادەکێشێت.
دوای کۆکردنەوەی زانیاریی ورد و وەرگرتنی فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی سۆران، ئەمڕۆ یەکەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوان تۆمەتباری سەرەکی و دوو ژنی دیکەیان لەنێو ماڵەکەدا دەستگیرکرد کە ئەوانیش خەڵکی دەرەوەی سۆرانن.
پۆلیسی سۆران دەڵێ:"تۆمەتبارەکان لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دانیان بە تاوانەکەیاندا نا و ئێستا بەپێی مادەکانی 3 و 4 لە یاسای تاوانی لەشفرۆشی، بە بڕیاری دادوەر راگیراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوە".
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سۆران داوا لە هاونیشتمانییان دەکات لە کاتی بینینی هەر رووداوێکی نەخوازراو، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانی (104، 124، 134) یان هێڵی 144ـی تایبەت بە بەشی نەهێشتنی تاوانی سۆران بکەن.
