رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەڵێ، کەمپی (زەوی سپی) لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەری؛ سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، "هێرشەکە تەنیا زیانی مادیی هەبووە."
رۆژی سێشەممە 16ی ئایاری 2026، سەرچاوەیەک لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران - حدکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "نزیک کاژێر 10:15ی ئەمڕۆ، هێرش کرایە سەر کەمپی زەوی سپی لە کۆیە. هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی مادی بەر کەمپەکە کەوتووە."
لەبارەی شێوازی هێرشەکە، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد کە تەنیا بە یەک درۆن هێرشیان کراوەتە سەر.
بەپێی ئامارەکانی ئەو حیزبە بۆ رووداو، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ی شوباتەوە 138 جار هێرش کراوەتە سەر بارەگا و کەمپەکانیان.
