رووداو دیجیتاڵ
خورشید هەرکی رێگەی سەرەکیی وێستگەیەکی کارەبای لە سنووری گوندی گردەڕەش لە پارێزگای هەولێر گرتووە، کە لەلایەن کۆمپانیایەکەوە بەڕێوەدەبردرێ. ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، "پارەی خەڵک دەبردرێ و دەبێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ." بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە هەموو قسەکانی خورشید هەرکی رەتدەکاتەوە.
رۆژی سێشەممە 16ی حوزەیرانی 2026 خورشید هەرکی، کەسایەتیی ناسراوی هەرکییەکان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کۆمپانیایەکی تورکی لێرە وێستگەیەکی کارەبا بەڕێوەدەبات. بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە لەگەڵ کەسێکی گوندەکە رێککەوتووە و پارەی خەڵک دەبەن. چەندین جار ئاگادارم کردنەوە و پەنام بۆ حکومەتیش برد، بەڵام تاوەکو ئێستا کێشەکە چارەسەر نەکراوە."
خورشید هەرکی گوتی، مووچەی هەر کارمەندێک لە وێستگەکە 900 دۆلارە، بەڵام بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە و ئەو کەسەی گوندەکە رێککەوتوون تەنیا 400 دۆلار دەدەنە کارمەندەکان و 500 دۆلارەکەی دیکە بۆ خۆیان دەبەن.
خورشید هەرکی، کە ئێستا رێگەی وێستگەکەی گرتووە، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەو زەوییەی وێستگەکەی لەسەرە زەویی منە. کێشەکە چارەسەر نەکراوە، هەر بۆیە منیش ئەو رێگەیەم گرتووە کە بۆ کۆمپانیاکە دەچێت. دەبێت کێشەکە چارەسەر بێت."
خورشید هەرکی دەڵێ، خەڵکی ئەو گوندە هەژار و کەمدەرامەتن، "دەبێت کارمەندەکان دابمەزرێندرێن و مووچەکانیان وەک خۆی خەرج بکرێ، کە مانگانە 900 دۆلارە."
بەڵام مەحموود هاروون هەرکی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای تۆمەتبارکراو لەلایەن خورشید هەرکییەوە کە ناوی (بۆسفۆرس ریڤەرز)ە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دامەزراندنی کۆمپانیاکە سوودێکی زۆری بۆ خەڵکی گوندەکە هەبووە، بە جۆرێک 130 کەس لە خەڵکی گوندە 250 ماڵییەکە لەو کۆمپانیایە کار دەکەن و 60 تانکەری خەڵکی گوندەکەش سووتەمەنی بۆ وێستگە هەڵمییەکە دەگوازنەوە.
مەحموود هاروون گوتی، تەنیا 5 کەس لە کاری کۆمپانیاکە ناڕازین و ئەوانیش مەبەستیان ئەوە نییە کاربکەن، بەڵکو مەبەستیان دەستبەسەرداگرتنی کۆمپانیاکەیە.
مەحموود هاروون رەتی کردەوە هاونیشتمانییانی خاوەن زەویوزاری گوندەکە قەرەبوو نەکرابنەوە و گوتی، تەنانەت خورشید هەرکی لە ساڵی 2012دا قەرەبووی ئەو زەویەی وەرگرتەوە کە رێگەکەی پێدا تێدەپەرێ و ئێستا دایخستووە و لە هەمان کۆمپانیاش پێشتر بایی 15 بۆ 20 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی وەرگرتووە.
سەبارەت بە مووچەی کارمەندەکانیش، مەحموود هاروون گوتی، 12 کەس سەروو 1400 دۆلار وەردەگرن، 10 کەس سەروو 1000 دۆلار وەردەگرن، نزیکەی 10 کەس مووچەیان 600 دۆلارە و بەشی زۆری ئەوانی دیکەش 550 دۆلار وەردەگرن کە راستەوخۆ لە کۆمپانیاکە وەری دەگرن و بە هیچ شێوەیەکیش دەستی بەسەردا ناگیرێ و کەسیش کەمی ناکاتەوە.
