رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی بەرازیل چاوی لە تۆمارکردنی یەکەم بردنەوەیە لە مۆندیالدا و بەرەبەیانی رۆژی شەممە لە دووەم یارییدا بەرامبەر هەڵبژاردەی هایتی یاریی دەکات.
دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیدا نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات و لەگەڵ مەغریب یەکسانبوو، بەرازیلییەکان دەیانەوێت نیگەرانیی هاندەرانیان بڕەوێننەوە و یەکەم بردنەوە لە پاڵەوانێتییەکەدا تۆمار بکەن.
هەڵبژاردەکە لە نیو جێرسی دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، نەیمار داسیلڤا لە دوایین مەشقەکانی هەڵبژاردەی بەرازیلدا بەشداربوو و دوو یەکەی راهێنانی بەشێوەی کۆمەڵ و بەبێ هیچ کێشەیەک ئەنجامداوە، بەڵام بەشێک نابێت لە لیستی هەڵبژاردەکە و بەشداری لەم یارییەدا ناکات، بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ یارییەکانی دیکە ئامادەبێت.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل دەڵێت "نەیمار لەگەڵ شاندی هەڵبژاردەکە ناچێتە فێلادێلفیا و بەشداری لە یارییەکەدا ناکات. ئەمەش بە ئامانجی ئامادەبوونێکی باشتر بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکە، بۆیە لە هۆتێل و سەنتەری مەشقەکانی هەڵبژاردەکە نەی لە مەشقکردن بەردەوامدەبێت.
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەرازیل لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە دەڵێت "دەمەوێت شتێک ڕوون بکەمەوە، بۆ من، جێگەی شانازییە کە لێرەم وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل. دەبێت مامەڵە لەگەڵ گوشارەکاندا بکەم، بەڵام ئەزموونی پێویستم هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیاندا. ئەنجامەکە، لە راستیدا، یارییەکەی بەرامبەر مەغریب باش نەبوو، ئەوەش وای لێکردم کەمێک رەخنەگر بم بەرامبەر تیپەکە، بەڵام دەبێت رەخنەیەکی ئەرێنی و بونیادنەر بگرین، چونکە وەک دەڵێن، تۆ لە یەکەم یارییەوە مۆندیال نابەیتەوە."
راهێنەری سامبا زیاتر گوتی "دەبێت چارەسەرێک بدۆزینەوە. رەخنەگرتن لە تیپەکە و یاریزانەکان ئەرێنی بوو. لەم چەند رۆژەی رابردوودا کارمان کردووە بۆ ئەوەی هەوڵی چارەسەرکردنی ئەمە بدەین و چارەسەری دەکەین. زوو بێت یان درەنگ، هەر چارەسەری دەکەین، چونکە من هێشتا متمانەم هەیە کە تیپەکە لەم مۆندیالەدا رکابەرێکی بەهێز دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کارلۆ باس لە گرنگترین شت لەنێو هەڵبژاردەدا دەکات و گوتی "باش دەستپێکردن گرنگە، بەڵام گرنگترین شت نییە. پێشتریش گوتوومە، کە بۆ تیپێک خۆڕاگر بوون باشترە لەوەی بێ کەموکوڕی بێت. تیپ دەبێت خۆڕاگر بێت. کەواتە، دەبێت خۆڕاگر بیت کاتێک شتەکان بە باشی ناڕۆن، نابێت کۆڵ بدەیت کاتێک بارودۆخەکە خراپە. دەبێت خۆڕاگر بیت، ئەم تیپە خۆڕاگرە و بەرەو باشتربوون دەچێت."

