رووداو دیجیتاڵ
هۆڵەندا بە سەرکردایەتی کۆدی گاکپۆ و برایان برۆبی سەرکەوتنێکی گەورە و مێژوویی بەرامبەر سوێد تۆمارکرد و بە ئەنجامی 5-1 یارییەکەی بردەوە، ئەمەش وایکرد ئەو هەڵبژاردەیە ببێتە یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی بردنەوەی نازناوی مۆندیال.
رۆناڵد کۆمان، راهێنەری هەڵبژاردەی هۆڵەندا لە شاری هیوستن رووبەڕووی گراهام پۆتەر و یاریزانەکانی بووەوە. کۆدی گاکپۆ، هێرشبەری لیڤەرپوول و برایان برۆبی، هێرشبەری سەندەرلاند هەریەکەیان 2 گۆڵیان تۆمارکرد. دواتر کریسێنسیۆ سەمەرڤیل گۆڵی 5ـەمی زیادکرد و بردنەوەیەکی شایستەیان لە مۆندیالدا نووسییەوە.
هەڵبژاردەی سوێد لە یاری یەکەمی مۆندیالدا بە هەمان ئەنجام لە تونسی بردبووەوە، بەڵام بەرامبەر هۆڵەندا نەیتوانی ئاستێکی بەرز پێشکێش بکات. تەنیا ئەنتۆنی ئێلانگا توانی گۆڵێک بۆ سوێدییەکان تۆمار بکات، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ راگرتنی هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی یاریزانانی رۆناڵد کۆمان.
هەڵبژاردەی هۆڵەندا لەم یارییەدا شێوازێکی نوێی بۆ گەیشتن بە گۆڵ تاقی کردەوە. 3 گۆڵ لەو 5 گۆڵە لە رێگەی هێرشبردن لە باڵەکان و ناردنی تۆپی نزم بۆ ناوچەی شەش یاردە تۆمارکران. کۆدی گاکپۆ وەک باڵێکی کلاسیکی درەوشایەوە و هاوکارییەکی زۆری برۆبی کرد بۆ هەژاندنی تۆڕی گۆڵی سوێدییەکان.
هەڵبژاردەی سوێد سەرەڕای هەبوونی دوو هێرشبەری وەک ڤیکتۆر یۆکێرێش و ئەلێکساندەر ئیزاک، لە هێڵی بەرگریدا زۆر لاواز دەرکەوت. گراهام پۆتەر نەیتوانی رێگری لە جووڵە خێراکانی یاریزانانی هۆڵەندا بکات و پەیوەندی نێوان بەرگریکارانی ئەو هەڵبژاردەیە پچڕابوو.
هەڵبژاردەی سوێد بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو پێویستی بە بردنەوە هەیە بەرامبەر هەڵبژاردەی ژاپۆن لە یاری رۆژی هەینی. هەڵبژاردەی هۆڵەنداش دوای ئەم سەرکەوتنە گەورەیە، لە یاری داهاتوودا رووبەڕووی تونس دەبێتەوە.

