رووداو دیجیتاڵ
لە یەکەم یارییدا لە مۆندیالدا، هەڵبژاردەی عێراق دۆڕا و سێ خاڵی بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج لەدەستدا.
لە یەکەم یارییاندا لە رکابەرییەکانی مۆندیالی 2026 لە کۆمەڵەی نۆیەمدا، هەردوو هەڵبژاردەلە بۆستن رووبەڕووی یەکبوونەوە و نەرویج بەسەرکردایەتیی ئێرلینگ هالاند یارییەکەی بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە.
لە خولەکی 29 ئێرلینگ هالاند بێدەنگیی شکاند و گۆڵی پێشکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی نەرویج تۆمارکرد، بەڵام زۆری نەبرد لە خولەکی 39 ئەیمەن حوسێن بەلێدانی سەر ئەنجامەکەی بۆ عێراق یەکسانکردەوە، ئەوە بووە دووەم گۆڵی عێراق لە مێژووی مۆندیالدا، دوای گۆڵەکەی ئەحمەد رازی لە مۆندیالی 1986.
ئاهەنگ و دڵخۆشیی عێراقییەکان تەنیا چوار خولەک بەردەوامبوو، هالاند بە سوود وەرگرتن لە هەڵەیەکی بەرگری و گۆڵپارێزی عێراق، جارێکی دیکە نەرویجی پێشخست و گۆڵی دووەمی خۆی و تیپەکەی تۆمارکرد و نەرویج پێشکەوت.
لە نیوەی دووەمدا، ئاستی عێراق دابەزی، لە خولەکی 76 لیۆ ئۆستیگارد، بەلێدانی سەر گۆڵی سێیەمی بۆ نەرویج تۆمارکرد، لە دوایین ساتەکانی یارییەکە ئەیمەن حوسێن گۆڵی چوارەمی بەهەڵە لە خۆیان تۆمارکرد یارییەکەی لە بەرژەوەندی تیپەکە یەکلاکردەوە.
نەرویج یەکەم یاریی لە مۆندیالدا بە چوار گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و یەکەم سێ خاڵی لە رکابەرییەکەدا بەدەستهێنا.
لە یارییەکەدا هەریەکە لە ئاکام هاشم و مێرخاس دۆسکی کە دوو یاریزانی کوردن بەشێوەی سەرەکی یارییانکرد و مارکۆ فەرەجیش بەشێوەی یەدەگ بەشداریی لە یارییەکەدا کرد.
یاریی داهاتووی عێراق رۆژی 23ـی ئەم مانگە بەرامبەر فەرەنسا دەبێت و یارییەکە کاژێر 00:00 بەڕێوەدەچێت.
