رووداو دیجیتاڵ
سەرئێشەکانی پێکانەکەی نەیمار بۆ هەڵبژاردەی بەرازیل لە مۆندیال بەردەوامە، پاشئەوەی دوورخستنەوەی ئەو یاریزانە، بۆ دووەم یاریی لەسەریەکی هەڵبژاردەکەی لە مۆندیال راگەیێنرا.
هەڵبژاردەی بەرازیل چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و دەرچوونی راستەقینەیە لە مۆندیال، پاشئەوەی لە یاریی یەکەمدا لەگەڵ مەغریب یەکسانبوو بە گۆڵێک.
هەڵبژاردەی بەرازیل خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هایتی ئامادەکردووە، کە بەرەبەیانی سبەی کاژێر 3:30 بەکاتی باشووری کوردستان، یارییەکە ئەنجامدەدرێت.
میدیای بەرازیل ئاشکرایانکردووە، نەیمار لەگەڵ هەڵبژاردەکە گەشتی فیلادێلفیا ناکات بۆ یارییەکەی هایتی.
نەیمار لە نیوجێرسی دەمێنێتەوە بۆ بەردەوامبوون لە مەشقکردن و وەرگرتنی چارەسەر، لەپێناو چاکبوونەوەی خێراتر لە پێکانەکەی.
میدیای بەرازیل گوتوویانە، نەیمار کاردەکات بۆ باشتربوون و خێراتربوونی قۆناخی کۆتایی چاکبوونەوە لە پێکانەکەی کە رۆژانە لە دوو کاتی جیاوازدا مەشقدەکات بۆ ئەو مەبەستە.
نائامادەیی و پێکانەکەی نەیمار، سەرئێشە و رووگیرییەکی زۆری بۆ کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری بەرازیل دروستکردووە، چونکە ئەو یاریزانە بەپێکانەوە بانگهێشتی ریزەکانی سامبا کراوە و بۆ دووەم یاریی لەسەریەک، توانای یارییکردنی نییە.
لیژنەی پزیشکیی هەڵبژاردەی بەرازیل پێیانوایە، مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی پێکانەکەی نەیمار پێویستی بەوردی و ئارامی هەیە. ئەوان دەڵێن پەلە لە گەڕانەوەی نەیمار ناکەین، تاوەکو کاریگەریی نێگەتیڤ لەسەر پێکانەکەی دروست نەبێت.
هەندێک سەرچاوە دەڵێن، نەیمار توانای بەشداریکردن لە یارییەکەی سکۆتلەنداشی نابێت، کە سێیەم یاریی بەرازیلە لە قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیالی ئەمساڵ.
