رووداو دیجیتاڵ ئاکۆ خۆشمەر، گەنجێکی تەمەن 32 ساڵی دانیشتووی پارێزگای هەولێر، کە دەرچووی هەردوو بەشی هونەرە جوانەکان و ئەندازیاریی کۆمپیوتەرە، توانی هونەر و ئەندازیاری تێکەڵ بکات و ئامێرێکی نوێی مۆسیقا بە لێزەر دروست بکات. رۆژی شەممە، 13ـی حوزیرانی 2026، ئاکۆ خۆشمەر ئەحمەد، لەبارەی بیرۆکەی کارەکەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە منداڵییەوە لە ناو بواری هونەردام و خۆشم دەرچووی هونەرە جوانەکانم، بۆیە ویستم پیشەی هونەریم و ئەندازیارییەکەم تێکەڵ بکەم تاوەکو شتێکی نوێ و جیاواز دروست بکەم، کە ئەویش ئەم ئامێرە بوو." ئەو گەنجە لەبارەی پێکهاتەی ئامێرەکەیەوە روونیکردەوە کە ئامێرەکە لە جۆری "میدی کۆنترۆڵە" و بە لێزەر کار دەکات، بە شێوەیەک "دەست دەخەیتە سەر هەر لێزەرێک، نۆتەیەکی مۆسیقای جیاوازت پێشکێش دەکات." لەبارەی کەرەستە بەکارهاتووەکان، ئاکۆ ئاماژەی بەوە کرد، 15 لێزەر و 15 دیجیتاڵی LDR و چەند پارچەیەکی ئەلیکترۆنیی سادەی تێدا بەکار هێناوە کە بە ئاسانی دەستدەکەون. بە گوتەی ئاکۆ خۆشمەر، نزیکەی 2 مانگ بە تەنیا خەریکی دروستکردنی ئەو ئامێرە بووە تاوەکو تەواوی کرد و کردوویەتی بە پڕۆژەی دەرچوونی لە کۆلێژی ئەندازیاری.