رووداو دیجیتاڵ
تیمەکانی بەرگریی شارستانیی کۆیە بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمی گەنجێکی تەمەن 18 ساڵان دانیشتووی کەرکووک، کە دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە لە سەیرانگای بۆگد خنکا. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ناوچەکەش دەڵێت، سەرەڕای ئاگادارکردنەوەی، چوووەتە ناو ئاوەکەوە.
گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی راگەیاند: "دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە، 13-6-2026، گەنجێکی تەمەن 18 ساڵ بەناوی (عەبدوڵڵا نزار)، کە دانیشتووی کەرکووکە و بە نەتەوە عەرەبە، لە سەیرانگای بۆگد خنکاوە و تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گەنجە بۆ گەشت و سەیران هاتبووە ناوچەکە، بەڵام شارەزای سروشتی ئاوەکە نەبووە و مەلەوانێکی باشیش نەبووە. وتیشی: "سەرەڕای چەندین ئاگادارکردنەوە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانی و چاودێرانی سەیرانگاکەوە کە پێیان گوتبوو مەلە نەکات و لە ئاوەکە نزیک نەبێتەوە، بەڵام بەگوێی نەکردوون و بەو هۆیەوە ئاوەکە بردوویەتی."
لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی گەڕان بەدوای تەرمەکەدا، گۆران ئەحمەد،بەرێوبەری بەرگری شارستانی کۆیە، رایگەیاند، تیمەکانیان لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا بە چڕی سەرقاڵی گەڕان بوون، بەڵام بەهۆی تاریکبوونی شەوەوە، گەران بۆ کاتی ڕۆژبوونەوە ڕاگیراوە و بەیانی زوو هەڵمەتێکی فراوان بۆ دۆزینەوەی تەرمەکە دەستپێدەکاتەوە.
لە پاڵ تیمەکانی بەرگریی شارستانیدا، تیمە خۆبەخشەکانی گۆپتەپە و بۆگد کە گەنجانی شارەزای ناوچەکەن، هاوکاریی کەسوکاری گەنجە خنکاوەکە دەکەن بۆ دۆزینەوەی تەرمەکەی.
سەیرانگای بۆگد دەکەوێتە سنووری شارەدێی ئاشتی لە قەزای کۆیە و یەکێکە لەو شوێنە گەشتیارییانەی ساڵانە خەڵکێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکانەوە بۆ گەشت و سەیران ڕووی تێدەکەن.
