رووداو دیجیتال
هەڵبژاردەی عێراق لە دووەم بەشداریکردنی لە یارییەکانی مۆندیال، دەچێتە نێو یارییەکی مێژوویی و ئەمجارە یەکەم یاریی خۆی لە مۆندیالی 2026 لە شاری بۆستنی ئەمریکا بەرامبەر هەڵبژاردەی نەرویج ئەنجام دەدات.
یارییەکە رۆژی چوارشەممە کاژێر یەکی شەو بە کاتی هەولێر لەنێو یاریگەی جێلیت بەڕێوەدەچێت، هەڵبژاردەی عێراق بەسەرکردایەتی گراهام ئارنۆڵدی راهێنەر دەیەوێت بە ئەنجامێکی باش و دڵخۆشکەر یارییەکە تەواو بکات.
بەر لە دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 هەڵبژاردەی عێراق کەمپێکی راهێنان و ئامادەکاریی لە ئیسپانیا بۆ ئەستێرەکانی کردەوە، سێ یاریی دۆستانەشی ئەنجامدا، لە هەڵبژاردەی ئەندۆرای بردەوە، لەگەڵ ئیسپانیا یەکسانبوو، یاریی ڤەنزوێلا دۆڕا.
عێراق ئامادەکارییەکی زۆریکردووە و بەر لە گەشتکردن بۆ شاری بۆستن ئەیمار شێر، یاریزانی کوردستانی لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "خوێندنەوەیەکی زۆرمان بۆ یاریی یەکەممان و ململانێکردن لەگەڵ هەڵبژاردەی نەوریج کردووە، باری دەروونیمان بەرزە و کەش و هەوای کەمپی راهێنانەکانمان زۆر خۆشە و بەشێوەیەکی تۆکمە تیپەکەمان رکابەریی دەکات ".
لە ریزی هەڵبژاردەی عێراق شەش یاریزانی کوردستانی یاریی دەکەن کە بریتیین لە: یوسف ئەمین، ئاکام هاشم، مێرخاس دۆسکی، مارکۆ فەرەج، رێبین سۆلاقا و ئەیمار شێر.
سەربەست هەرکی، رۆژنامەڤانی وەرزشیی لەبارەی ئاستی هەڵبژاردەی عێراق و چاوەڕوانییەکان بۆ یارییەکانی مۆندیال بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "گراهام ئارنۆڵد، وەک راهێنەرێکی بە ئەزموون توانیوویەتی گۆڕانکاری زۆر باش لە شێوازی یاریکردنی هەڵبژاردەکەمان بکات، ئیستا عێراق بەشێوازێکی هاوچەرخ کە هێرشبەرییە یاریدەکات، لە یاریمان بەرامبەر ئیسپانیا ئەوەمان دیت کە ئەستێرەکانمان گوشاریان لەسەر تیپێک دروستکرد کە پڕبوو لە یاریزانی ریال مەدرید و بارسا".
پرسی چوونی ئاکام هاشم و مێرخاس دۆسکی بۆ یانەکای ئەورووپا لەنێو میدیای عێراقی گەرموگوڕە، هەمووان چاوییان لەسەر ئەو دوو ئەستێرەیە، ئەو رۆژنامەڤانە روونیکردەوە "هەریەک لە ئاکام هاشم و مێرخاس دۆسکی بەهرەمەندی گەورەن و دەتوانن هەنگاوی یاریکردنی داهاتووییان لە پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپا بێت".
ژمارەیەک هاندەری کورد و خەڵکێکی زۆر لە دیاسپۆرای عێراق لە وڵاتانی ئەمریکا و ئەوروپا لەگەڵ کەنەدا روویانکردووەتەوە شاری بۆستن، چاوەڕوان دەکرێت هاندەرانی عێراق ژمارەیەکی بەهێز بن لە یاریگە.
هەڵبژاردەی عێراق لە کۆمەڵەی نۆیەم لەگەڵ هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگال یاری دەکات.
