رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەڵمانیا بە فەرمی کۆتایی بە نەفرەتی قۆناخی کۆمەڵەکانی مۆندیال هێنا و گەیشتنی خۆی بۆ قۆناغی 32ـی مۆندیالی 2026، کە لە وڵاتانی ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، مسۆگەر کرد.
مانشافت بە رابەرایەتی جولیان ناگلێسمانی راهێنەر، دووەم سەرکەوتنی لەسەریەکی تۆمارکرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمدا بە ئەنجامی 7-1 لە کورا ساوی بردبووەوە. بەم سەرکەوتنە ئەڵمانیا کۆی خاڵەکانی گەیاندە 6 خاڵ لە پێشەنگی کۆمەڵەکەیدا و بۆ یەکەمجار لە دوای مۆندیالی 2014، کە تێیدا ببووە پاڵەوان، توانی قۆناخی کۆمەڵەکان تێپەڕێنێت.
ئونداڤ؛ فریادڕەسە کوردەکە
لە یارییەکی پڕ لە کێبڕکێدا بەرامبەر هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار، کە گێمی یەکەمی بە گۆڵێکی فرانک کیسێ لە خولەکی 30 بۆ کۆتدیڤوار کۆتایی هات، گۆڕانکارییەکی ناگلێسمان هەموو هاوکێشەکانی سەرەوژێر کرد.
لە خولەکی 60دا، ناگلێسمان بڕیاریدا گۆڕانکاری بە جەمال موسیالاوە بکات و 'شێرەکەی کوردان' دێنیز ئونداڤ بخاتە نێو یاریگا. ئونداڤ تەنیا 8 خولەکی پێویست بوو بۆ ئەوەی لە خولەکی 68دا گۆڵی یەکسانبوونەوە بۆ ئەڵمانیا تۆمار بکات.
لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، دێنیز ئونداڤ جارێکی دیکە درەوشایەوە و لە خولەکی 90+4دا گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد و بەمەش بە تەواوی دڵی هاندەرانی ئەڵمانیای خۆشکرد و سەرکەوتنی بۆ وڵاتەکەی مسۆگەر کرد.
جگە لە سەرکەوتنەکە، ئەم یارییە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو بۆ مانوێل نۆیەری گۆڵپارێز، کە بەشداری لە یاری ژمارە 21ـی خۆیدا کرد لە مێژووی مۆندیالەکاندا. بەمەش نۆیەر ریکۆردی هۆگۆ لۆریسی فەرەنسی شکاند و بووە ئەو گۆڵپارێزەی کە زۆرترین یاری لە مێژووی جام جیهانیدا ئەنجامداوە.

